"هه‌ڤاڵانم بزانن، رۆژێك دادێ كه خه‌ڵكی له ژێر پۆستاڵی ئاسنینی سته‌مدا رزگارییان بێت ..." ئه‌م وته‌یه‌ی "مارتین لۆتێر كینگ"، بێ‌دڕدۆنگی دهمانههژێنێو ده‌مانباته‌وه لانكه‌ی پڕ له تراژدیای مێژوو و كاره‌ساته قهرهبوونهكراوهكان له پانتایی جوغرافیا جۆراوجۆره‌كانی كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تیدا. به‌قووڵی بیرنهكردنهوهو پشتگوێخستنی ئه‌م حه‌كایه‌ته نهبڕاوانهو زه‌مه‌نه تاریكهكانهی مرۆڤ، بێگومان ئه‌گه‌ری دووپاتبوونهوهیان له داهاتووی ژیاری مرۆڤایه‌تیدا هه‌یه. له شۆڕشی ئیسپارتاكوسهوه بگره هه‌تا شۆڕشی تێكنۆلۆژی كه به وته‌ی تافلرهكان به دوای شۆڕشی وه‌رزێری‌و پیشه‌سازیدا، گه‌وره‌ترین رۆڵیان به‌سه‌ر مێژوویی مرۆڤایه‌تی هه‌بووه، ژیاری مرۆڤ نغرۆی ئاسته‌نگی به‌رده‌م مانه‌وه‌و پاراستنی كه‌رامه‌ت‌و به‌هاكانی مرۆڤایه‌تی بووه. بێگومان سه‌رتاپای مێژوو، ئه‌م ئاریشه‌و كێشهگهلهی به‌رده‌م گه‌شه‌و په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی به ته‌واوی بنه‌بڕ نه‌كردووه‌و بێچاره‌سه‌ر ماونه‌ته‌وه. هه‌نووكه‌ش كۆمه‌ڵگای مرۆیی له به‌ربه‌یانی هه‌زاره‌ی سێهه‌مدا، خولیای ئاسوودهییو به‌خته‌وه‌رییه. بهختهوهریو ئاسووده‌یی به واتای باڵاترین سه‌رمایه‌ی مرۆڤایه‌تی واته له زه‌مه‌نه سوواوو رووخێنه‌ره‌كان تێپه‌ڕبوون، بۆ هه‌نگاونان به‌ره‌و تهباییو ئاشتی نێوان مرۆڤه‌كان‌و كاڵبوونه‌وه‌ی سیمای ئایدۆلۆژییه‌كان.
رووخان‌و تێكشكانی شان‌و شكۆی پووشاڵیی دیكتاتۆره‌كان، جێژن‌و شادییه‌كی زۆری به دواوه‌یه‌و كاتێ په‌یكه‌ری دیكتاتۆری به ده‌ستی نه‌وه‌یه‌كی ئازادیخوازه‌وه وردوخاش ئه‌بێت، شادی سه‌رانسه‌ری وڵات‌و نیشتمان داده‌گه‌رێ. نه‌وه‌یه‌ك له ژێر ستهمو بێدادی دیكتاتۆرییدا، به خوێنی خۆی داری ئازادی هێناوه‌ته‌به‌ر هه‌تا ترووسكاییه‌ك رووناكی‌و خۆری ئازادی بدات له سیمای رووشاوو دیكتاتۆرلێداروی مێژووه‌كه‌یه‌وه. ره‌وڕه‌وه‌ی مێژوو به دوای رووخان‌و له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌ك له دوای یه‌كی ده‌سه‌ڵاته ملهوڕو سه‌ره‌ڕۆكانی مێژوو، هه‌نووكه‌ش له هه‌ر چوار قوژبنی جیهانه‌وه، به‌رخۆدانه ئازادیخواز‌و مافخوازییهكان له پێناو گه‌یشتن به ئهلهندی ئازادی‌و خولیای ئاسوودهییو به‌خته‌وه‌ریی بهردهوامنو مێژوو به هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌كانیه‌وه به خێرایی تێپه‌ڕ ده‌بێ. هه‌ر وه‌ك ئه‌ره‌ستوو ده‌ڵێ: ... رووخانی دیكتاتۆره‌كان، ئه‌توانن ببنه‌وه دیكتاتۆری..."، ئه‌وه‌ش مێژوو سهلماندوویهتیو به‌رده‌وام دووپات بۆته‌وه. كاتێك ده‌سه‌ڵاتێك هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌و قه‌ڵافه‌تی دیكتاتۆری به هێزی جه‌ماوه‌ری تێكشكاوه، زۆر گرووپ‌و تاقم به نه‌مانی سیستمه دیكتاتۆرییه‌كان، ده‌روازه‌ی بهدیكتاتۆربوونیان بۆ ئاوه‌ڵا ده‌بێته‌وه‌و ده‌بنه‌وه دیكتاتۆری نوێی مێژوو بۆ سه‌ر كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی، به‌ڵام كێ هه‌یه چاوه‌ڕوانیی ئه‌وه بكات خه‌ونی به‌هاری ئازادی، ماته‌مینی خه‌زانی لێ بنیشێ و نه‌وه‌كانی پاش شۆڕش به‌رده‌وام سهركوێر بكات. به‌ڵام ئه‌وه خولیای مرۆڤه كه بۆ گه‌یشتن به ئازادی بهردهوامنو هه‌میشه له رێگای گه‌یشتن به ئازادییه‌كانیان بێ وچان خه‌بات دهكهنو پڵینگئاسا به‌گژ سامی دیكتاتۆریدا ده‌چنه‌وه‌و فه‌سڵێكی نوێ له خهباتو تێكۆشان ده‌خه‌نه‌وه رێ. له كاتێكدا كه پرۆسه‌ی به‌جیهانیبوون‌و گوتاری مۆدێڕنیته به خێراییه‌كی زۆره‌وه هه‌موو كۆمه‌ڵگای جیهانی ده‌ته‌نێته‌وه‌و به كه‌ڵكوه‌رگرتن له ئامرازه‌كانی پێوه‌ندییه گشتییه‌كان كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هه‌موو بیاڤه گشتیی‌و تاكهسییهكانی جڤات داده‌نێت، دێموكراسی‌و به‌ها مرۆییه‌كان وه‌كوو پرسێكی جیهانیو بزووتنه‌وه‌یه‌كی سه‌رتاپاگیر خۆیان نواند‌و دێموكراسی له ئاستی سیاسی‌و كۆمه‌لایه‌تیدا گه‌یشته ته‌شقی خۆی به چه‌شنێك كه ده‌توانین بڵێین هه‌نووكه سیستمه ئیدۆلۆژییه ره‌گداكوتاوه‌كان‌و رێژیمهكانیان كه بێسڵكردنهوه له رێگای هێژموونییهكی سته‌مكارانه‌وه، ده‌ست له هه‌موو بیاڤه سیاسی ـ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی جڤات وه‌رده‌ده‌ن، له كۆمه‌ڵگای ئه‌مڕۆی جیهانیدا له لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه جێگای متمانه نین‌و ره‌واییان نه‌ماوه‌و به مه‌به‌ستی هه‌رچی زیاتر به‌رینتركردنه‌وه‌ی سیستمی كۆنترۆڵ‌و چاوه‌دێری به‌سه‌ر جڤاتدا، هه‌موو ئامرازه‌كانی راگه‌یه‌نه گشتییهكانو سیستمی داگیر دهكهنو له رێڕه‌وی هه‌ڵته‌كاندنی دامه‌زراوه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی هه‌ناوی كۆمه‌ڵگاوه، بێ هیچ چه‌شنه بهربهستو له‌مپه‌رێكی ئه‌وتۆ، له سه‌ره‌وه‌ڕا خۆیان به‌سه‌ر هه‌موو بیاڤه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی خواره‌وه‌دا، ده‌سه‌پێنن.
پرۆسه‌ی دیمۆكراسی‌و سه‌رهه‌ڵدانی كۆمه‌ڵگای دێموكراتیك، له مێژووی مرۆڤایه‌تییدا رێگایه‌كی ئهستهمو دژواری به‌خۆیه‌وه بینیوه‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌مه مێژووییه‌كان كه هه‌ر له سه‌رده‌می یونانی كه‌وناراوه بگره هه‌تا ئه‌وڕۆكه مرۆڤ به دوای خولیا‌و و ئاواتهكانیو به‌خته‌وه‌ریی مرۆڤایه‌تیدا بووه. خه‌ونی به‌دیهاتنی ئاواته‌كانی مرۆڤ و چۆنیه‌تی به ئاكام گه‌یشتنی پرۆسه‌ی دێموكراسی‌و جێگیربوونی سیستمێكی دێموكراتیك، به‌رده‌وام له ململانێ له‌گه‌ڵ سیستمه سه‌ره‌ڕۆكانی مێژوودا بووه. به‌ڵام بێ دڕدۆنگی ده‌توانین بڵێن دێموكراسی وه‌كوو تاقانه سیستمێكی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی ناودێر بكه‌ین كه له ره‌وڕه‌وه‌ی مێژوودا سه‌ركه‌وتنێكی زۆری به‌ده‌ست هێناوه‌و توانیویه‌تی توخمه سه‌ره‌كییه‌كانی به‌هاو كه‌رامه‌تی مرۆڤ له بواری ئازادی، دادپهروهرییو یه‌كسانیی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و وه‌ڵامده‌ربوونی ده‌سه‌ڵات به‌رامبه‌ر به ویست‌و داخوازییه‌كانی خه‌ڵك به شێوه‌یه‌كی رێژه‌یی بپارێزێ. هه‌نووكه له ئاستی جیهانیدا كه‌متر لایهنو كه‌سێك هه‌یه كه بانگه‌شه‌ی دێموكراسی نهكاتو خۆی به نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی دێموكراسی نه‌زانێ‌و كه‌متر رێژمێك هه‌یه كه به هۆی بوونی نێوه‌رۆكێكی نادێموكراتیك‌و فاشیستانه بانگه‌شه‌ی خه‌ڵكسالاری نه‌كات. ته‌نانه‌ت هیچ كه‌سێك له‌سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌وییه‌دا په‌یدا نابێ كه پشتیوانیی له دیكتاتۆر بكات‌و شانازی پێوه بكات.
ئێمه ده‌توانین دێموكراسی به دوو فاكته‌ری گرینگ وه‌كوو سیستمێكی سه‌ركه‌وتوو له جیهانی ئهوڕكهدا و پارێزه‌ری مافه‌كانی مرۆڤ، ناودێر بكه‌ین:
یه‌كه‌م: دێموكراسی وه‌كوو سیستمێك ته‌نیا مۆدێلێكی جیهانییه كه ره‌وتێكی دینامیكیو به‌رده‌وامی به گه‌شه‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵ‌و رێكخستنی كۆمه‌ڵ له هه‌موو بواره‌كانی ژیاندا داوه‌و توانیوه وه‌كوو سامانێكی مه‌زنی مرۆڤایه‌تی له نێو دڵی رێژیمه دیكتاتۆر‌و سهرهرۆكاندا ده‌ربكه‌وێت‌و بنه‌ماو بنهواشهكانی به‌جیهانی بن‌و وه‌كوو بزووتنه‌وه‌یه‌كی سه‌رتاپاگیر هه‌موو كون‌و قوژبنه‌كانی جیهان بگرێته‌وه.
دووهه‌م: دێموكراسی له رێگای دامه‌زراوه‌و پره‌نسیپه مرۆڤتهوهرهكانیدا باشترین سیستمی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه كه داكۆكی له مافه‌كانی تاك له جڤاتدا دهكاتو توانیویه له ره‌وتی مێژوودا خاوه‌نی مه‌زنترین میراتی لێبوورده‌یی بێت.
هه‌روه‌كوو جان لاك ده‌ڵێت: "ره‌زامه‌ندی خه‌ڵك له شكڵگرتنو مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا رۆڵ ده‌بینێ"، ده‌توانین بڵێین كه دێموكراسی ته‌نیا مۆدێلێكی ده‌سه‌ڵات له رێكخستن‌و دامه‌زراوه‌كردنی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی جڤاكداو شیاوی به‌جیهانیكردنی پرنسیپه ئه‌خلاقییه دێموكراتیكهكاندایه. به‌شداربوونی خه‌ڵك له ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر خۆیاندا به دێموكراسی ده‌ناسرێ. دێموكراسی له‌گه‌ڵ ئازادی و مافی مرۆڤ پێوه‌ندییه‌كی لێكدانه‌بڕاوی هه‌یه. "ده‌سه‌ڵات" به مانای قودره‌ت له ڕوانگه‌ی كۆمه‌ڵناسیی سیاسییه‌وه وه‌ك"ده‌وڵه‌ت" و "حكومه‌ت" یان "سوڵته" به‌كار ده‌بردرێ. "ده‌وڵه‌ت" ده‌سه‌ڵاتێكی دانراوه‌ی گشتی و نوێنه‌ری خه‌ڵكی وڵات به‌ئه‌ژمار دێت. له‌و روانگه‌وه به‌ڕێوه‌به‌ریی و پارێزگاری له وڵات و مافی هاووڵاتییانو ده‌سته‌به‌ركردنی ویست‌و داخوازییه‌كانی شارۆڤه‌ندان، ئه‌ركی سیستمی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌وڵه‌ته. بۆیه به‌و ده‌ره‌نجامه ده‌گه‌ین كه دابینبوونی پێداویستییه مادی‌و مه‌عنه‌وییه‌كانی مرۆڤ‌و هاوئاراسته له‌گه‌ڵ واقعییه‌ته دینامیكییه‌كانی كۆمه‌ڵگا له سیستمێكی كراوه وه‌كوو سیستمی دێموكراسی‌دا، مرۆڤ ده‌گاته ئاستێك له یاسامهندیو یاسا سه‌روه‌ری كه تێیدا كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی جێگیر دهبێتو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا به شێوه‌یه‌كی ئاوه‌زمه‌ندانه له چوارچێوی ئۆرگانیزمێكی كراوه‌دا به‌ر به توندوتیژی له هه‌موو بیاڤه‌كانی كۆمه‌ڵگا ده‌گرن.
جاڕنامه‌ی گه‌ردوونیی مافه‌كانی مرۆڤ زایه‌ڵه‌ی تهناهییو ئازادیی مرۆڤایه‌تی
مێژووی مرۆڤایه‌تی به مه‌به‌ستی پاراستن‌و رێزگرتن له كه‌رامه‌ت‌و به‌ها مرۆیی‌و سرووشتییه‌كان، له‌پانتایی جوغرافیا جۆربه‌جۆره‌كانی جیهاندا به‌ره‌وپێش چووه‌و گه‌شه‌سه‌ندنی مرۆڤ‌و مرۆڤایه‌تی لێكه‌وتۆته‌وه. سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشه مه‌زنه‌كانی مێژوو له پێناوی ئازادیی مرۆڤ‌و نه‌هێشتنی سیستمی چه‌وسانه‌وه‌ی مرۆڤ به ده‌ستی مرۆڤ بووه. به تێپه‌ڕبوونی كات‌و پێشكه‌وتنه به‌رچاوه‌كانی مرۆڤایه‌تی له به‌ستێنه جۆراوجۆره‌كاندا، كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی وه‌رچه‌رخانێكی مه‌زنی به‌خۆوه بینی. ئاگاییه كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئافراندنی هزره مرۆڤانییهكان په‌ره‌یان سه‌ند. گه‌ڕان به دوای ناخ‌و ده‌روونی مرۆڤ‌و هه‌نووكه‌ش له هه‌زاره‌ی سێهه‌م دا‌و رۆچوون بۆ نێو پرۆسه‌ی به‌جیهانیبوون‌و تێَكچڕژاوی جیهان له گوندێكی چووكهدا، بۆته هۆی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مرۆڤ‌و مرۆڤایه‌تی له‌گه‌ڵ دنیایه‌كی ئاڵۆز دا. له په‌ڕانپه‌ڕی ئه‌م جیهانه دا به هه‌مان راده كه مه‌سه‌له‌كانی پێوه‌ندیدار به مرۆڤه‌وه جیهانی ده‌بن، به هه‌مان راده‌ش به‌هاو پره‌نسیپه‌كانی مافی مرۆڤیش به‌جیهانی ده‌بن.
دوای ئه‌و هه‌موو ماڵوێرانی‌و قات‌و قڕی‌و كوشت‌و كوشتاره‌ی كه به هۆی شه‌ڕی یهكهمو دووهه‌می جیهانییه‌وه، هه‌موو جیهانی گرته‌وه، رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له ژێر گوشاری بیروڕای گشتی خه‌ڵكی جیهاندا، له 10ی دێسامبری 1948 (19ی سه‌رماوه‌زی 1327ی هه‌تاوی)دا، جاڕنامه‌ی گه‌ردوونیی مافه‌كانی مرۆڤی بڵاوكرده‌وه كه له پێشهكییهكو 30 به‌ند پێكهاتبوو. جاڕنامه‌ی گه‌ردوونی مافه‌كانی مرۆڤ، بانگه‌شه‌یه‌ك بۆ ئازادییه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی مرۆڤ و ئارمانجێكی هاوبه‌شی جیهانی بۆ ئازادی، ئاشتی، تهناهییو یه‌كسانی له پێناو به‌رگریكردن له خوێنڕێژی‌و قات‌و قڕییه مرۆڤانییهكان بوو. پاش ده‌یان ساڵ تێپه‌ڕبوون له په‌سندكردنی جاڕنامه‌ی جیهانیی مافی مرۆڤ، بۆ به فه‌رمی ناسینی ئابڕوو و كه‌رامه‌تی زاتیی هه‌موو ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵگای مرۆڤایهتیو مافی وه‌كوو یهكو حاشا لـێنهكراوی مرۆڤه‌كان، هه‌نووكه‌ش وهبهرچاونهگرتنو سووكایه‌تیكردن به مافه‌كانی مرۆڤ، له هه‌ر چوار قوژبنی جیهانه‌وه به‌رده‌وامه‌و سیاسه‌تی جیهانی له رووبه‌ڕوو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ قه‌یرانی شه‌ڕ، نائه‌منی، داته‌پینی ئابووری، پێشێلكاری مافی كه‌مینه نه‌ته‌وه‌كان، مافه‌كانی مرۆڤ، تیرۆریزم، پیسبوونی ژینگه، سه‌ره‌ڕۆیی‌و دیكتاتۆری، ره‌گه‌زپه‌رستی‌و شۆڤینزمو ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ی كه مرۆڤ به ده‌ستی مرۆڤ ده‌چه‌وسێته‌وه، له ته‌نگه‌ژه‌یه‌كی قووڵدایه.
ئه‌م به‌یاننامه‌یه له‌سه‌ر بنه‌مای یاسای بنه‌ڕه‌تیی فه‌ڕانسه و پاشان راگه‌یاندراوی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌مریكا، داڕێژرا. وه‌ك له پێشه‌كییه‌كه‌یدا هاتووه كه "له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه دانپێدانانی سه‌ربه‌رزی ره‌گداكوتاو و مافی پایه‌دارو وه‌كیه‌كی هه‌موو ئه‌ندامانی خێزانی مرۆڤایه‌تی بناغه‌ی ئازادی‌و داد‌و ئاشتییه له جیهاندا. له به‌ر ئه‌وه‌ی پشتگوێ خستنی مافی مرۆڤ‌و ڕێزنه‌گرتنی بوونه‌ته هۆكاری هۆڤانه‌ی وا كه ئازاری ویژدانی مرۆڤی داوه ...، له به‌ر ئه‌وه‌ی پێویسته مافی مرۆڤ به بنه‌مای قانوون بپارێزرێ، تاكوو مرۆڤ ناچار نه‌كرێ وه‌ك دوایین داڵده په‌نا بباته به‌ر یاخیبوون دژی زۆرداری‌و چه‌وسانه‌وه...، له‌به‌رئه‌وه‌ی پێویسته گه‌شه‌كردنی پێوه‌ندی دۆستانه‌ی نێوان نه‌ته‌وه‌كان یارمه‌تی بدرێ... " پیشانده‌ری ئه‌وه‌یه كه ئه‌م جاڕنامه‌یه، راگه‌یاندراوێكی سه‌رتاپاگیر(جهانشمول)و بانگه‌شه‌یه‌كه بۆ رێزگرتن له مافه سروشتی‌و بنه‌ڕه‌تییه‌كان.
مافه‌كانی مرۆڤ له واتا مرۆییه‌كانه‌وه سه‌رچاوه دهگرێو ده‌وڵه‌ت یان لایه‌نێكی تایبه‌ت ناتوانێ مافی مرۆڤ به دڵخوازی خۆی راڤه‌ی بكا، به‌ڵكوو ته‌نیا ده‌توانن بوونیان بسه‌لمێنن. چوونكه باوه‌ڕهێنان به مافه‌كانی مرۆڤ، باوه‌ڕهێنان به پێكه‌وه‌هه‌ڵكردن‌و ئاشتی‌و ته‌ناهیی كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تییه. به واتایه‌كی ساده، ئه‌وڕۆكه مافه‌كانی مرۆڤ له ته‌واوی ژیار‌و كولتووره جیهانییه‌كاندا پێگه‌یه‌كی تایبه‌تی هه‌یه.
له سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا تێكنۆلۆژیی جه‌نگ به ملیۆنان كه‌سی به كوشتندا، جه‌نگی ئایدۆلۆژییه‌كان به هاوكاریی تێكنۆلۆژیی كوشتار گه‌یشته ئه‌وپه‌ڕی خۆی. له رۆژههڵاتو رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست بونیانهكانی كۆمه‌ڵگای نه‌ریتی‌و دواكه‌وتوو وه‌كوو خۆیان مانه‌وه، به‌ڵام مۆدێڕنیزاسیۆن به خێرایی كه‌وته خزمه‌تی عه‌قڵیه‌تی دواكه‌وتوو و ئه‌مه‌ش سه‌ره‌ڕۆیی‌و دیكتاتۆریی گه‌یانده ته‌شقی خۆی.
گه‌لانی ئه‌م ناوچه‌یه مێژوویه‌كی تاڵ‌و سوێرییان چه‌شتووه‌و سه‌ربوورده‌ی ژیانی ئه‌م نیشتمانه له جیهاندا پڕ له جه‌ورو ستهمو به‌دوور له هه‌رچه‌شنه بهزهییو مرۆڤایه‌تی بووه. وه‌كوو بڵێی دیكتاتۆرلێدراویو چه‌وسانه‌وه به بهژنو باڵای ئه‌م سه‌رزه‌وینه‌دا بڕاوه. به‌رده‌وام یاسای دیكتاتۆره‌كان له سه‌ر مرۆڤی ئه‌م ناوچه‌یه تاقی كراونه‌ته‌وه‌و بوونه‌ته كۆیله‌و دیلی ژێر چه‌پۆكی ملهوڕو دیكتاتۆره‌كانی مێژوو. ره‌نگه مێژووی رۆژهه‌ڵات به لانكه‌ی ژیار‌و شارستانیه‌تی مرۆڤ دابنێین‌و به‌ر له یونانی كه‌ونارا مرۆڤی ئه‌م ناوچه‌یه ژیانی به‌كۆمه‌ڵیان پێكه‌وه نا، به‌ڵام هه‌نووكه‌ش ئازادی‌و گه‌یشتن به به‌ها مرۆڤانییهكان بۆته خولیا‌و ئاواته سهركوێركراوهكانی خه‌ڵكانی ئه‌و ناوچه‌یه‌و قوربانی توتالیتاریزمی سیستمه سیاسییه‌كانی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناڤینن.
كاتێك له پرۆسه‌ی مۆدێڕنیته‌دا گوتاری ناسیونالیزم سه‌ری هه‌ڵدا و نه‌ته‌وه وه‌كوو بنه‌ما و ژێرخانی گرنگترین سترووكتووری گوتاری سیاسی سه‌رده‌می نوێ (ده‌وڵه‌ت) هاته‌كایه‌وه، ده‌سه‌ڵاته سونه‌تییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناڤین تووشی قه‌یران بوون و له رووبه‌رووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ رۆژئاوادا گیرۆده‌ی گۆڕانێكی به‌په‌له و ناهاوسه‌نگ هاتن كه دواهاته‌كانی له شێوازی په‌ره‌نه‌سه‌ندوویی، شه‌ڕ، نائه‌منی و سه‌ره‌ڕۆیی (استبداد)دا خوی نواند. پرۆژه‌ی (هاووڵاتیسازی) واته "نه‌ته‌وه‌سازی" له رۆژهه‌ڵاتی ناڤین‌دا به‌شێكه له تراژیدیای سه‌ده‌ی بیسته‌م و به پێچه‌وانه‌ی رۆژئاوا كه له‌و پرۆسه‌یه‌دا هایدپارك، په‌یكه‌ری ئازادی و شه‌قامی خاوه‌ن ده‌نگ سه‌ریان هه‌ڵدا، له ئاكامی ئه‌و پرۆژه‌یه‌دا له رۆژههڵاتیناڤین، به‌ندیخانه و په‌یكه‌ری دیكتاتۆره‌كان و هه‌روه‌ها كاره‌ساتی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه سه‌ریان به‌رزكرده‌وه. گرینگی ژیۆپۆلتیك‌و ژیۆئیستراتێژیكی ئه‌م ناوچه‌یه‌و بوونی وه‌ك ناوچه‌یه‌كی فرهكولتووریو فره نهتهوهییو فره‌ئایینی راستییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی ـ سیاسی حاشاهه‌ڵنه‌گره كه ئه‌وڕۆكه ئاخێوی نێو كۆڕ‌و كۆمه‌ڵه سیاسی‌و بیاڤه باسههڵگرهكانی هاوكێشه سیاسییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌و ئاسۆی گۆڕانكارییه‌كانی له چاره‌سه‌ركردنی حقووقی ئه‌و كێشه‌و ئاڵۆزییانه‌یه. بوونی ده‌سه‌ڵاته دیكتاتۆر‌و دواكه‌وتووه‌كان‌و له‌به‌رچاونه‌گرتنی مافه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی مرۆڤ‌و هه‌روه‌ها بوونی كولتوورێكی چه‌قبه‌ستوو له‌م ناوچه‌یه‌دا له لایه‌كه‌وه‌و له لایه‌كی دیكه‌وه كه‌وتنه نێو گێژاوی به‌رژه‌وه‌ندیی زلهێزه‌كان له ره‌وتی مێژوودا، ئه‌م ناوچه‌یه له گه‌یشتن به دێموكراسی‌و دابینبوونی مافه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی مرۆڤ دوا خستووه. هه‌ندێ له وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناڤین هێشتا خاوه‌نی رێژیمی دیكتاتۆرن و بڕێكیش ئه‌م قۆناخه‌یان تێپه‌ڕاندوه و قۆناخی "سه‌پاندنی یاسا دێموكراتیكه‌كان له یاسای بنه‌ڕه‌تی" ئه‌و وڵاتانه‌دا ده‌ست پێكردوه. به‌ڵام نه‌بوونی كولتورێكی سیاسی دێموكراتیك له رۆژهه‌ڵاتی ناڤیندایه، قۆناخی چوون به‌ره‌و "سه‌قامگیركردنی دێموكراسی" له‌گه‌ڵ ئۆرگان و یاسا دێموكراتیكه‌كاندا، درێژخایهنو پرۆسه‌كه‌ی زۆر دوا خستووه.
له‌م هه‌زاره‌یه‌دا كه به سه‌رده‌می تێكنۆلۆژیی و گۆڕانكارییه خێراكان به‌ناوبانگه‌و گوندی جیهانی له نێو تۆڕه جیهانییه‌كانی ئێنترنێت، ته‌له‌ڤیزیۆندا خۆی ده‌نوێنێ‌و سنووره سیاسییه‌كانی كه‌مڕه‌نگ كردۆته‌وه، له‌م هه‌زاره‌یه‌دا كه هه‌موو گرووپ‌و رێكخراوێكی نێونه‌ته‌وه‌یی خۆیان به پارێزه‌ری مافی مرۆڤ دهزاننو بانگه‌شه‌ی ئاشتیی و هێمنایه‌تی بۆ جیهانییان ده‌كه‌ن، كه‌چی ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت كۆمه‌ڵگای جیهانیی گیرۆده‌ی قه‌یرانێكی قووڵی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه.
له نێو گۆڕه‌پانی گۆڕانكارییه جیهانییهكانو رۆژهه‌ڵاتی ناڤین‌دا، به وته‌ی به‌ختیار عه‌لی "كورده‌كان مێژوویه‌كی پڕ تراژدیكیان هه‌یه كه له تێگه‌یشتنی مرۆڤ تێپه‌ڕ بووه‌و بۆته ئه‌فسانه‌و ئوستووره‌كان". نه‌ته‌وه‌ی ئێمه شه‌وگارێكی تهنیاییو سه‌ختی به دیار زستانی تاریك‌و ئه‌سته‌م رۆژ كردۆته‌وه، دانبهخۆداگرتنو دواجار پشوودرێژی، مرۆڤی ئێمه‌یان له هه‌رێمی رق‌و تووڕهییو هه‌ڵخزان به‌ره‌و توندوتیژیو ئاژاوه‌نانه‌وه رزگار كردووه به‌ڵام پاش ده‌رچوونی جاڕنامه‌ی گه‌ردوونی مافه‌كانی مرۆڤ، هێشتا له ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی نێوهڕاستو به به‌رچاوی هه‌موو جیهانه‌وه، مافه‌كانی مرۆڤ به توندی پێشێل ئه‌كرێت، كه‌چی بێده‌نگی لێ دهكهنو كوێر‌و كه‌ڕ بوون له به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو تراژدیایه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كدا. تراژدیایهك كه به درێژایی مێژوو نه‌وه‌یه‌ك ئهینووسێتهوهو خۆی ئه‌خواته‌وه‌و له پێناو ترووسكاییه‌ك ئازادی خوێنی له‌به‌ر ده‌چۆڕێ. سه‌رمایه‌یه‌ك كه ده‌سكه‌وتی ئارمانجی سیاسی‌و به‌شداریی سیاسیی نه‌ته‌وه‌یه‌ك له گۆڕه‌پانی سیاسیدایه، سامانی نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه به‌رهه‌می خه‌باتێكی ره‌وایه‌و به درێژایی مێژوو هه‌تا ئه‌مڕۆ درێژه به خه‌بات دهداتو سه‌رده‌می جیهانیبوونی مافه‌كانی مرۆڤ‌و دێموكراسی بێده‌نگی به‌رامبه‌ر ده‌نوێنێ. مێژووی تراژیكی كورد‌و حه‌كایه‌ته‌كانی وه‌ك "دڕنده‌و یاخی" بێته به‌رچاو، بهخشهندهییو مێرخاسیو جوامێری به‌شێك بووه له بیر‌و ئه‌ندیشه‌كانی كه بهخشهندهییو جوامێریی كورد‌و شه‌یداییان پێواوه. بزووتنه‌وه‌ی شوناس‌خوازیی كورد خوڵقێنه‌ری توندوتیژی نیه‌و نه‌بووه، به‌ڵكوو شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ توندوتیژییه، رههاییو رزگاریی له ده‌ست تووڕهییو رق‌و هه‌ڵچوونه، ده‌ربازبوون له دیلییهتیو گه‌یشتن به حهقیقهتو به‌هادان به كه‌رامه‌تی مرۆڤی كورده.
نه‌ته‌وه‌یی كورد له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی باڵاده‌سته‌وه، له هه‌ر چوار به‌شی كوردستاندا (ئێران، توركیه، سوریه، عێراق)، رووبه‌ڕووی توندوتیژییه‌كی به‌رفراوان بۆته‌وه كه پێشێلكاریی مافه‌كانی مرۆڤی كورد به درێژایی سه‌ده‌ی بیسته‌م، گه‌یشته ئه‌وپه‌ڕی خۆی و به درێژایی مێژووی سه‌ده‌ی نۆزدهههمو بیسته‌م، سه‌ده‌ی گۆڕانكارییه مه‌زنه‌كانی له ئاستی جیهانیدا، نه‌ته‌وه‌ی كورد له لایه‌ن ده‌وڵه‌ت ـ نه‌ته‌وه تازه به دهسهڵاتگهیشتووهكانهوه كه‌وته به‌ر شاڵاوی سه‌ركوت‌و ئاسمیلاسیۆنی فه‌رهه‌نگی ـ كۆمه‌ڵایه‌تی و ژینۆسایده‌وه كه به هه‌زاران كورد كوژران‌و به هه‌زاران كه‌س ئێعدام‌و به هه‌زاران ماڵباتی كوردی ده‌ربه‌ده‌ر كران. له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو ماڵوێرانی‌و كوشتاره‌ی خه‌ڵكی كورد، ده‌سه‌ڵاتدارانی زاڵ، كۆمه‌ڵگای كوردستانیان له هه‌موو بیاڤه‌كانی (بنه‌ماڵه، كۆمه‌ڵگا، سیستمی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی)دا تووشی قه‌یرانێكی ده‌ستوپێ گیر كرد‌و هه‌نووكه‌ش ئاسه‌واره‌كانی به‌سه‌ر نه‌وه‌كانه‌وه دیاره‌و بزاڤه سیاسییه‌كانی كوردیش له هه‌ناوی ئه‌م هه‌موو سته‌مه‌دا سه‌ریان هه‌ڵداو درێژه به‌خه‌بات ده‌ده‌ن.
دوا په‌یڤ:
"تاكه‌كان دهژینو ده‌مرن، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه جڤاته. ئه‌وه‌ی بۆ تاك له‌م هاتنو چوونه‌دا ده‌مێنێته‌وه بریتییه له ژیان، ژیانێكی چاك‌و مانادار‌و هه‌بوونی ویژدانێكی ته‌ندرووست، راستگۆیی له‌گه‌ڵ جڤات، گوتنی حه‌قیقه‌ت تا ئه‌و شوێنه‌ی كه شیاوه‌و عهقڵو توانایی عه‌قڵ رێگا ده‌دات". هیوا به داهاتوو، بهردهوامیو نه‌دۆڕاندی ئیراده، ژیاندۆستی‌و مرۆڤ دۆستی له تایبه‌تمه‌ندییه به‌رزه‌كان كه ئێمه ده‌خاته‌وه بیری مرۆڤبوونی خۆمانه‌وه. بۆیه به چاوكراوه‌یی‌و به‌رچاو روونییه‌وه له ئاسۆ بڕوانین هه‌تا زانست‌و ماریفه‌ت بكه‌ینه هه‌گبه‌ی داهاتوومان. به وته‌ی مارتین لوتێركینگ" ... تاریكی به تاریكی له ناو ناچێ، ته‌نیا رووناكییه كه تاریكی دهتارێنێو كۆتایی پێ دێنێ".
ئه‌گه‌ر ئێمه ئه‌وڕۆ گوتاره سیاسی‌و فهرههنگییهكانمان به‌ره‌و زه‌مه‌نی كهمڕهنگی ئیدئۆلۆژییهكانو تۆخبوونه‌وه‌ی سیمای مرۆڤایه‌تی ده‌چین، له‌بیرمان نه‌چێ كه له سه‌ده‌ی زستانی ته‌م گرتووداینو هه‌ر زه‌مه‌نێك ره‌نگه بكه‌وێنه به‌ر هه‌ره‌سی توندوتیژیو ترازان له هێڵی به‌خشه‌نده‌یی. بێگومان ئه‌مه تێڕوانینێكه بۆ هه‌ڵه‌كانی مرۆڤ له مێژووی مرۆڤایهتیو ده‌روویه‌ك به‌ره‌و كاڵبوونه‌وه‌ی جه‌نگی ئایدۆلۆژییاكانو نه‌كه‌وتنه داوی گۆڕستانی تاریكی.
ئه‌فراسیاب گرامی
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر